دواین بڵاوکراوەکان

رەمەزان لە دیدی قورئان

خوداى ڕه‌حمان ئايينه‌كه‌ى خۆى به‌چ پاراستووه‌ له‌ ده‌ستى كه‌ڵه‌گايان (طاغيت)؟ جووله‌ى زه‌وى و مانگ له‌ هه‌ر سات و كاتێكى دياريكراو كاريگه‌ريێكى دياريكراو ده‌خاته‌ سه‌ر زه‌وى و خه‌ڵكه‌كه‌ى ئايا په‌رستشه‌كانمان په‌يوه‌ستى (قمر) كراوه‌ يان په‌يوه‌ستى (شهر) كراوه‌؟ و ئايا جياوزازييان چييه‌؟

اقــــــــــــــــــــــرأ

وشه‌ى (اقرأ) له‌ فه‌رهه‌نگه‌كانى زمانه‌وانى عه‌ره‌بى چه‌ندين ماناى هه‌يه‌ وه‌ك تێروانين و ڕامان و قوڵبوونه‌وه‌و وردبوونه‌وه‌و نزيكبوونه‌وه‌ و كردنه‌ ڕێباز و هه‌ڵگرتن و گواستنه‌وه‌و پێگه‌ياندنى سڵاو و كۆكردنه‌وه‌ و به‌يه‌كگه‌ياندنه‌وه‌ و زۆرئه‌نجامدان و و به‌رزبوون و هه‌رشتێك كۆى بكه‌يته‌وه‌ ماناى وايه‌ (قَرَأْتَه) و تێگه‌يشتن و كات و ئاوابوون و پاكبوون و گه‌ڕانه‌وه‌ ئه‌مانه‌ به‌شێكن له‌ ماناكانى (اقرأ)

ئايا ئافره‌ت له‌ كاتى حه‌يضدا ده‌توانى به‌ رۆژوو بێت و نوێژ بكات؟

(( پرسيارم لێكرا)): خوداى گه‌وره‌ پياو و ئافره‌تى خه‌لق كردووه‌‌ بۆ هيچ كاتێك پياوى عقوبه‌ نه‌داوه‌ به‌ دورخستنه‌وه‌ له‌ خۆى به‌ مه‌نعكردنى له‌ نوێژ و ڕۆژوو؟ ئايا بۆ ده‌بى ئافره‌ت لە كاتی سوری مانگانەدا سزا بدات به‌مەنعكردنی لە نوێژ و رۆژو؟ (مع العلم) خۆى وا دروستى كردوون........ نوسه‌ر: لارين نصرالدين

شه‌وى قه‌در

جياوازى چييه‌  له‌ نێوان (إنزال و تنزيل) له‌ قورئاندا؟ ئايا قورئان له‌ شه‌وێكدا دابه‌زيوه؟‌ ئايا ئه‌و (أمر)ه‌ داناييه‌ چييه‌ پياده‌ ده‌كرێت؟ بزانه‌ ياساى (خلق) چۆن پياده‌ ده‌كرێت؟ تاكو ياساى (أمر) داببه‌زێت، فه‌رمانه‌كانى خوداى ره‌حمان هه‌ر له‌ ئاسمان ده‌مێنێته‌وه‌، ئايا ده‌كرێ دابه‌زينى فريشته‌كان بۆ دونيا دووباره‌ ببێته‌وه‌؟ موباره‌كى شه‌وى قه‌در چييه‌؟ يادكردنه‌وه‌ى ئه‌م شه‌وه‌ لۆچييه‌‌؟ ئه‌و ئاهه‌نگه‌ ئاسمانييه‌ى له‌م شه‌وه‌دا ده‌گێڕدرێت، كێ پێى هه‌ڵده‌ستێت؟


02/01/2012 02:05:00 ص جار خوێندراوه‌ته‌وه‌ 1490

ئه‌وه‌ی بیه‌وێ له‌ قورئان بگا، ده‌بێ بۆ قورئان بگه‌ڕێته‌وه‌


زۆرجار لێره‌و له‌وێ، له‌باره‌ی هه‌ندێ وشه‌ی قورئانیی، به‌یانی جیا جیا دروست ده‌بێت، که‌ هه‌ندێ جار به‌یانه‌که‌ ته‌واو پێچه‌وانه‌ی مه‌به‌ست و ده‌ربڕی ئایه‌ته‌که‌یه‌، ئه‌و ته‌فسیراتانه‌ی تا ئێستا کراون، جیاوازی له‌ نێوانیاندا به‌دێ ده‌کرێن، بۆیه‌ لامان وایه‌ باشترین به‌یان بۆ قورئانی پیرۆز قورئانه‌، نه‌ک ئیجتیهادات، ئه‌وه‌ش به‌ یه‌ک له‌دوای یه‌کی ئایه‌ت و سوره‌ته‌کان، ئه‌وه‌ به‌ ئاسانی چاره‌ ده‌بی..

چۆن له‌ قورئان بگه‌ین؟
هه‌ر‌ بابه‌تێک که‌ وه‌رده‌گيرێت هه‌موو كات ده‌بێ رابردووى به‌دواداهاتووى ئه‌و ئايه‌ته‌ وه‌ربگيرێت، سه‌ره‌تا ئه‌وه‌ى پێش خۆى ئينجا دواى خۆى، له‌ بڕواى ئێمه‌ قورئان به‌گوێره‌ى دابه‌زينى سوڕه‌تى علق كڕۆك و ناوه‌ڕۆك (المتن) ى قورئانه‌، ئه‌وى دى كه‌ به‌ گوێره‌ى دابه‌زينى يه‌ك له‌دواى يه‌ك ره‌هه‌ندێك له‌م ناوه‌ڕۆكه‌ (متن) ه‌ى شرۆڤه‌ ده‌كات، له‌گه‌ڵ جياوازى نموونه‌كه‌، واى دابنێين ته‌شبیه‌ نه‌بێت (سوڕه‌تى علق) ده‌نكه‌ گه‌نمه‌كه‌ بێت، ئه‌و ده‌نكه‌ گه‌نمه‌يه‌ ده‌بێته‌ گوڵه‌گه‌نم، ئه‌وانى دى هۆكارى دينه‌، دێن و هه‌وڵى گه‌وره‌كردنى ئه‌و گوڵه‌گه‌نمه‌ى ده‌ده‌ن، شێوازى ئێمه‌ هه‌رده‌م وايه‌ وشه‌يه‌ك وه‌رناگرين و بێين توێژينه‌وه‌ى له‌سه‌ر بكه‌ين به‌ ته‌نيا، ئه‌مه‌ شێوازى له‌تله‌تكردنى پێده‌گوترێت، ئه‌گه‌ر هاتوو ده‌ستت له‌ جه‌سته‌ى مرۆڤ جياكرده‌وه‌ ئه‌و ده‌سته‌ زينده‌گى تيا نامێنێت، كاريگه‌ریى نامێنێت، ئايا ده‌ستێك له‌ لاشه‌ بكرێته‌وه‌ جوله‌ى بۆ ده‌كرێت؟ هه‌ستى تيا ده‌مێنێت؟ به‌ هه‌مان شێوه‌ وشه‌ش كه‌رت بكرێت هه‌مان حاڵه‌تى مردنى به‌سه‌ر دادێت! بۆيه‌ شێوازى لێكدانه‌وه‌(تفسير)ى قورئان له‌لاى ئێمه‌ به‌ وشه‌ (الكلمة) ناكرێ كه‌رتى بكه‌يت! ئه‌و وشه‌يه‌ ماناى به‌و جۆره‌يه..‌، ئه‌و وشه‌يه‌ ماناى به‌و جۆره‌يه..‌، نه‌خێر، به‌ڵكو وشه‌كه‌ له‌و چوارچێوه‌(سياق) ه‌‌ى پێش خۆى له‌گه‌ڵ داهاتووى خۆى ده‌بێت په‌يوه‌ست بكرێت، ‌ئينجا ته‌فسيرى (البياني) هه‌يه‌ ته‌فسيرى ره‌نگى ده‌ركه‌وتووه‌ بۆ قورئان، ته‌فسيرى ده‌نگى هه‌يه‌ له‌ قورئان، وه‌ك سوڕه‌تى ناس، كۆتايى هه‌موو ئايه‌ته‌كان به‌ پيتێك دێت هه‌مان ده‌نگ به‌ر‌هه‌م دێنێت، نزيكه‌ى پێش پێشتر باسى ته‌فسيرى مۆسيقيمان كردووه‌ له‌ قورئان، يان ته‌فسيرى جوله‌ى مۆسيقى (التفسير الحركي الموسيقي).

له‌ ئاوازی قورئانی پیرۆز تێبگه
ئه‌گه‌ر بێتو كه‌سه‌كه‌ له‌ رووى باوه‌ڕدارى(إيماني) يه‌وه‌ نه‌ختێك به‌رز بێته‌وه‌ ده‌توانێت مۆسيقاى وشه‌كانى قورئانى فيلمى لێ دروست بكات له‌ مێشكى خۆى، هه‌ر ئه‌وه‌يه‌ ناخى پێغه‌مبه‌ر ده‌گاته‌ ئاستێكى زۆر به‌رز رب العالمين بۆى ده‌خاته‌ روو (الم تر كيف فعل ربك بأصحاب الفيل)، تواناى ناخى پێغه‌مبه‌رى ده‌گاته‌ ئه‌و ئاسته‌ى بتوانێت ئه‌وه‌ بگرێته ‌خۆى كه‌ ئه‌وه‌ى له‌ گه‌ردووندا هه‌يه‌ له‌ رووداو و ئيشه‌كان هه‌مووى وه‌ك وزه‌ مانه‌وه‌ى هه‌يه‌ و له‌ناو نه‌چووه‌، پێغه‌مبه‌رمان (سه‌لام و به‌ره‌كات برژێ به‌سه‌ريا) بتوانێت بيبينێ، وشه‌ى (الم تر كيف) وه‌ك (الم تر الى الذين اوتوا نصيبا من الكتاب يدعون الى كتاب الله‌ ليحكم بينهم ثم يتولى فريق منهم و هم معرضون) (آل عمران 23) ئه‌و (الم تر) (الم تر الى الذين اوتوا نصيبا من الكتاب) له‌گه‌ڵ (الم تر كيف فعل ربك بأصحاب الفيل) جياوازى نييه‌، هه‌ردووكيان بينين(رؤية) يه‌، بۆ زانين (الم تر) ى يه‌كه‌م (الم تر الى الذين اوتوا نصيبا من الكتاب) مرۆڤ بووينه،‌ جوله‌كه‌كان بووينه‌، له‌سه‌رده‌مى پێغه‌مبه‌ر بوونيان هه‌بووه‌ و جوله‌و چالاكيان هه‌بووه‌، به‌ چاو و به‌ بينين پێغه‌مبه‌ر ئه‌وانى بينيوه‌، رب العالمين هه‌مان وشه دووباره‌ى ده‌كاته‌وه له‌ سوڕه‌تى (الفيل)، كه‌واته‌ هه‌مان بواره‌، به‌ڵام به‌ چى واى لێدێت؟

به‌چی تێبگه‌ین؟
ناخى پێغه‌مبه‌ر ده‌گاته‌ ئه‌و ئاسته‌ى جوله‌ى وێنه‌ى چالاكييه‌كانى له‌به‌رچاو هه‌مووى روون و ئاشكرابێت، ئه‌مه‌ش ئاستێكه‌ له‌ ئاسته‌كانى بڕوا(إيمان). ده‌كرێت مرۆڤى ئيماندار بگا‌ به‌و ئاسته‌و هه‌مان شت ببينێ!
كه‌واته‌ ئێمه‌ وشه‌(الكلمة) به‌ ته‌نيا له‌ قورئان وه‌رناگرين، كۆمه‌ڵه‌ وشه‌كانى پێش ئه‌و په‌يوه‌ست ده‌كرێن له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ى دى، ئينجا به‌شێك له‌ رسمه‌كه‌ ته‌واو ده‌بێت، پاشانيش وێنه‌كه‌ هه‌مووى ته‌واو ده‌بێت.
(إقرأ بسم ربك الذي خلق* خلق الانسان من علق* إقرأ و ربك الاكرم* الذي علم بالقلم* علم الانسان مالم يعلم* كلا إن الانسان ليطغى* أن رآه‌ إستغنى) ئه‌وه‌ باسى حاڵى ناخى مرۆڤى كرد بريتييه‌ له‌ سته‌م و له‌ ئاست ده‌رچوون(الطغيان) باسمان كرد كه‌ حاڵه‌تێكى ماددييه‌، له‌وانه‌يه‌ مرۆڤيش تووشى ببێت، باسى مادده‌مان كرد، ئاو كه‌ دێت سه‌ر ده‌كات(طغيان) ده‌كات كاتێك ئاوه‌كه‌ له‌نێو جۆگه‌يه‌كدايه‌، ئه‌گه‌ر په‌نگاوى دايه‌وه‌ له‌ ئاستى جۆگه‌كه‌ زياتر بوو ئه‌وه‌ (طغيان) ى ئاوه‌، ده‌ڵێين ئاوه‌كه (طغيان) سه‌رى كرد، ‌(فلما طغى الماء حملناكم في الجارية)، ئه‌و حاڵه‌ته‌ى كه‌ ئاو هه‌يه‌تى مرۆڤيش تووشى ده‌بێت، كه‌واته‌ مرۆڤ بۆ هه‌موو جوله‌يه‌كى ناخى خۆى خطوطى هه‌يه‌، جۆگه‌ى هه‌يه‌، له ئاستى ئه‌‌و جۆگه‌يه‌ى ناخى ئاوى زياتر بوو، په‌نگ ده‌داته‌ لايه‌كانى، ئه‌و حاله‌ته‌ ده‌روونييه‌ى ناوه‌وه‌ى له‌ ئاست ده‌رچووه‌(طغيان) كردووه‌. لێره‌ رب العالمين به‌ گشتى ئاخاوتن ده‌كات: (ان الانسان ليطغى) يه‌ك هۆكار ده‌خاته‌ روو: (أن رآه‌ استغنى) ( كه‌ له‌ ژماره‌ 17 ى ڕابردوو به‌ درێژى باسمان كردووه‌).

ده‌بێ مرۆڤ بگه‌ڕێته‌وه
ئه‌و حاله‌ته‌ ده‌روونييه‌ى كه‌ رب العالمين باسى ده‌كات وه‌كو يه‌كه‌مين گوناح كه‌ مرۆڤ(ئینسان) تووشى ده‌بێت ئه‌و (طغيان) ه‌يه‌، له‌به‌رچيش تووشى ده‌بێت؟ چونكه‌ تووشى بێنيازى(استغناء) ده‌كات، ئه‌وه‌ نه‌خۆشى و هۆكاره‌كه‌يه‌، ئه‌ى چاره‌سه‌رى ئه‌و حاله‌ته‌ى؟ چاره‌كه‌ بريتييه‌ له‌ (أن الى ربك الرجعى) نافه‌رموێ (الرجوع) (ان الى ربك الرجوع)، له‌به‌رچى ده‌فه‌رمێ: (الرجعى)، چونكه‌ هه‌رده‌م له‌ گه‌ڕانه‌وه‌يه‌(دائم الرجوع)، له‌به‌رچى؟ حاڵه‌كه‌، نه‌خۆشييه‌كه‌ به‌ به‌رده‌وامييه‌، هۆكاره‌كه‌ى هه‌رده‌م هه‌يه‌، بۆيه‌ ئه‌و ئینسانه‌ ئه‌و حاله‌ته ده‌روونييه‌‌ى گه‌ڕانه‌وه‌(رجوع) ‌ى تێدا بێت، بۆ نموونه‌ كه‌ يه‌كێك كه‌سێكى لێ ده‌مرێت ده‌گوترێت: (ان لله‌ و إنا اليه‌ راجعون) گه‌ڕانه‌وه‌ بۆلاى (رب العالمين)، ئه‌گه‌ر لاشه‌ى نه‌فسى ده‌رده‌چێت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ لاى خواى (جل جلاله‌)، ده‌بێ له‌ رووى ده‌روونيیش بگه‌ڕێته‌وه‌ لاى خواى(جل جلاله‌).

هۆکارو نه‌خۆشی
لێره‌دا ئێمه‌ نه‌خۆشيمان هه‌يه‌، هۆكاريشمان هه‌يه‌، كه‌واته‌ ده‌بێ چاره‌مان هه‌بێت بۆى، رب العالمين (رجعى) يه‌كه‌ى به‌ چاره‌ داناوه‌ بۆى، هه‌ر كاتێك ئینسانه‌كه‌ هه‌ستى كرد گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ لاى خواى خۆی و، چه‌مك و ماناى (ربك) له‌ ناخى هه‌ست پێكرد به‌ مه‌شقكردن(ممارسة) و پياده‌كردن، و زۆر گه‌ڕايه‌وه‌ لاى خواى (جل جلاله‌)، واته‌ جل جلاله‌ له‌ناو ناخى هه‌بوو، گه‌ڕايه‌وه‌ لاى خواى، به‌و مانايه‌ى گه‌ڕايه‌وه‌ لاى ئه‌و ناخه‌ى كه‌ پڕ له‌ زينده‌گى بوو، واته‌ ئه‌گه‌ر بارى ته‌عالا له‌ ناو ناخى كه‌سه‌كه‌ هه‌بێ و تووشى بێئاگايى نه‌بێت، ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ى چه‌ندباره‌ بوويه‌وه‌، واى لێدێت ئه‌مه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، گه‌ڕانه‌وه‌كه‌‌ى پچڕانى تێدا نابێت، به‌رده‌وام گه‌ڕانه‌وه‌، گه‌ڕانه‌وه‌، كه‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌ هه‌بوو نه‌خۆشييه‌كه‌ نامێنێت، چونكه‌ هۆكاره‌كه‌ى نامێنێت، ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌يه‌ هه‌موو كاتێك وه‌ك به‌نده‌يه‌ك هه‌رده‌م پێويستى به‌ خوداى هه‌يه‌ له‌ هه‌موو جوله‌و چالاكييه‌كيدا، هه‌ر له‌ پێداويستى يه‌كه‌ميدا كه‌ په‌يوه‌ندى به‌ ده‌ره‌وه‌ى خۆى هه‌بێت كه‌ هه‌وايه‌، پاشان ئاوه‌، پاشان خواردنه‌، يان ئه‌و پێداويستييه‌ى كه‌ په‌يوه‌ندى به‌ جوله‌ و چالاكيه‌كانى جه‌سته‌ى هه‌يه‌، وه‌ك لێدانى دڵى.. جوله‌ى گه‌ده‌ى، به‌رهه‌مى گورچيله‌كانى، سوڕانه‌وه‌ى خوێن له‌ جه‌سته‌ى، ئه‌وه‌ هه‌مووى به‌ چه‌مكى وشه‌ى (ربك) چاره‌سه‌ر ده‌بێ.

ئه‌گه‌ر گه‌ده‌ به‌پاتری با؟
كه‌واته‌ ئه‌و ئينسانه‌ قيرائه‌ى كردبى، هه‌موو كاتێك هه‌ست بكات به‌ كرده‌يى (إقرأ بأسم ربك الذي خلق) زه‌مينه‌ بوو له‌ناو ناخى، هه‌ستى پێيكرد ئا ئه‌و په‌روه‌ردگار(رب) ه‌يه‌ كه‌ له‌ ناوه‌وه‌ى هه‌موو ئه‌و ئه‌ندامانه‌ى به‌كار ده‌خات، له‌ ده‌ره‌وه‌ش هه‌ر ئه‌وه‌ پێداويستييه‌كانى دابين ده‌كات به ئه‌ندازه‌ى پێداويستييه‌كانى ئه‌و، كه‌واته‌ ئه‌و په‌روه‌ردگار(رب) ه‌ ده‌بێ هه‌رده‌م بوونى(دائم) به‌رده‌وام بێت له‌لاى ئه‌و، هه‌رده‌م بگه‌ڕێته‌وه‌ خزمه‌تى، كه‌واته‌ ئه‌و هيچى لا نييه‌! خاوه‌ندارى هيچ نييه‌، نه‌ ئه‌وه‌ى په‌يوه‌نديداره‌ به‌ خۆى، خودى شه‌خسى خۆى وه‌ك دروستكراو(مه‌خلوق)، نه‌ ئه‌وه‌ى په‌يوه‌ندى به‌ ده‌ره‌وه‌يدا هه‌يه،‌ كه‌ بارى ته‌عالا ئه‌وانيشى خه‌لق كردييه‌، مرۆڤ كه‌ ده‌خه‌وێت ئاگادارى له‌وه‌ نييه‌ كه‌ دڵى ئيش ده‌كات يان نا، گورچيله‌ى ئيش ده‌كات يان نا، ڕيخۆڵه‌كانى.. ئاگادارى له‌مانه‌ نييه‌، الله‌ (جل جلاله‌) به‌ ماناى (رب) به‌رده‌وام بۆى به‌ ئيش ده‌خات، ئه‌گه‌ر بهاتا خودا گورچيله‌ى بۆ به‌ ئيش بخستا، به‌ڵام به‌ پاترى! ئه‌وكات چيمان ده‌كرد؟ پاترى پێويست بوايه‌! يان به‌نزينى پێويست بوايه‌ چيمان ده‌كرد؟ هه‌رسكردنى خواردن و گه‌ده‌ به‌ پاترى بوايه‌ چيمان ده‌كرد؟

هۆکارو چاره‌سه‌ر
گريمان ئاو تامى به‌م جۆره‌ نه‌بووايا، ڕه‌نگى به‌م جۆره‌ نه‌بوايا، بۆنى به‌م جۆره‌ نه‌بوايا. له‌م دواييه‌ بۆم ده‌ركه‌وتووه‌ خه‌ڵكێكى زۆر شير ناخواته‌وه‌ له‌به‌ر ره‌نگه‌كه‌ى، ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر بهاتايا شير ره‌نگى وه‌ك ئاو بوايا ده‌يخوارده‌وه‌! ئه‌گه‌رچی ئه‌و كه‌سه‌ نه‌خۆشى گه‌وره‌ى هه‌يه‌ به‌ شير خواردنه‌وه‌ چاره‌ ده‌كرێت، كه‌چى نايخواته‌وه‌ يان بۆى ناخورێته‌وه‌ له‌به‌ر ڕه‌نگى، له‌به‌ر تامى، ئه‌گه‌ر ئاو به‌و جۆره‌ بوايا چيمان ده‌كرد، كه‌واته‌ ئه‌وه‌ى پێداويستييه‌كانى ئه‌و (ئینسان) ه‌ى دابين ده‌كات، هه‌م له‌ جه‌سته‌ى وه‌ك مه‌خلوقێك، هه‌م وه‌ك دابينكردنى پێداویستييه‌كانى له‌ ده‌ره‌وه‌، هه‌مووى په‌روه‌ردگارت ده‌يكات، كه‌ ئه‌و هه‌سته‌ى بۆ دروست بووه‌ هه‌ر كاتێك ئه‌و (ئینسان)ه‌ گه‌ڕايه‌وه‌ لاى خوداى، نه‌خۆشييه‌كه‌ى نامێنێت، هۆكارى نه‌خۆشى نامێنێت، كه‌واته‌ نيشانه‌كانيشى نامێنێت، بۆيه‌ ئه‌و هاوكێشه‌يه‌ ته‌واوه‌، وه‌ك هاوكێشه‌ى (1+1= 2)، (1+1) یه‌ک لایه‌تی و(2) لايه‌كه‌ى ديه‌، (= ) هاوسه‌نگيه‌كه‌يه‌تى، يه‌ك كۆ يه‌ك يه‌كسانه‌ به‌ دوو، كه‌واته‌ رب العالمين هۆكار و نه‌خۆشييه‌كه‌ى ديارى كرد و چاره‌ى نه‌خۆشييه‌كه‌يشى داناوه‌، هاوشێوه‌ى هاوكێشه‌كه‌، هه‌رده‌م شێوازى رب العالمين به‌م جۆره‌يه‌، هيچ بابه‌تێك به‌ هه‌ڵپه‌سێردراوى ناهێلێته‌وه‌، كێشه‌كان ده‌خاته‌ روو، ئينجا چاره‌ى ده‌دات، يان چاره‌ى له‌ سه‌ره‌تا داناوه‌ ئينجا كێشه‌كه‌ ده‌خاته‌ روو، ئه‌وه‌ى په‌يوه‌نديداربێت به‌ رۆژى دوايى، به‌ تايبه‌تى جه‌هه‌نه‌م، هه‌رده‌م هۆكارى جه‌هه‌نه‌مييه‌كان باس ده‌كات ئينجا نيشانه‌كانى جه‌هه‌نه‌م ده‌ڵێ، كه‌ به‌و جۆره‌ و به‌م جۆره‌ دێ، باسى به‌هه‌شتييه‌كان ده‌كات، ئينجا نيشانه‌كانى ده‌ڵێت، پاشان هۆكاره‌كانى ده‌ڵێت، لێره‌ش (الرجعى) چاره‌يه‌ له‌بۆ نه‌خۆشى (طغيان)، هۆكارى نه‌خۆشييه‌كه‌ى بێنيازبوون(إستغناء) ه‌.

ئامێری نه‌هی
بارى ته‌عالا له‌ (سوڕه‌تى علق) به‌ كۆمه‌ڵێك (أرأيت) ه‌يه‌ك ده‌ست پێده‌كات، (أرايت الذي ينهى * عبدا إذا صلى* أرايت إن كان على الهدى* أو أمر بالتقوى* أرأيت إن كذب و تولى) (العلق9-13) هه‌مووى به‌ چ چاره‌ ده‌كات؟ (الم يعلم بأن الله‌ يرى) (العلق13) ئه‌وه‌ هاوكێشه‌كه‌يه‌تى (1+1+1= 3).
(أرايت الذي ينهى* عبدا) نافه‌رمێ: (يمنع عبدا)، له‌ ناو ناخى ئینسان ئامێرێك هه‌يه‌ پێيده‌گوترێت نوها(نهى)، بارى ته‌عالا باسى هيچ شتێكى نه‌كردووه‌ وه‌ك داوا، وه‌ك فه‌رمان له‌ ئینسان ئه‌گه‌ر وه‌ك ئامێر له‌ ناخى يان بلێين به‌رهه‌مى ئه‌و ئامێره‌ى له‌ناو ناوه‌وه‌ى دانه‌نابێت، بۆ نموونه‌ لێره‌ باس له‌ (نهي) ده‌كا، (يأمرون بالمعروف و ينهون عن المنكر)، ئه‌وه‌ى نه‌هى لێده‌كرێ له‌ مونكه‌ر ده‌بێت له‌ناوناخى ئامێرێك هه‌بێ كه‌ ئامرازى نه‌هى هۆكارى‌ نه‌هى بكات، وه‌ك گوتراوه‌: (بارى ته‌عالا تاكو كێوان نه‌بينێت به‌فرى تێناكات)، واتا تاكو هۆكاره‌كان خۆى له‌لاى ئینسانه‌كه‌ى دروست نه‌كردبێت، پێى ناڵێ تۆ به‌م جۆره‌ بكه‌، يان به‌ مانايه‌كى دى تا له‌ ئینسانه‌كه‌ رانه‌بينێت كه‌ ده‌توانێت (50) كيلۆ به‌رز بكاته‌وه،‌ داواى لێ ناكات (20) كيلۆ به‌رز بكاته‌وه‌، تواناو وزه‌ى (50) ى داوه‌تێ ئينجا داواى (20) ى لێده‌كات، له‌ ناوه‌وه‌ى ئینسان ئامێرێك هه‌يه‌ پێيده‌گوترێت (نهى) نوها، (إن في ذلك لأيات لأولي النهى) (طه/‌ 54)، ئه‌و نوهايه‌ى خودا (جل جلاله) دايناوه‌ چ به‌رهه‌م دێنێت؟ (النهي)، نه‌هى حاله‌تێكه‌ له‌ ناوه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و نه‌هييه‌ى كه‌ نوها به‌رهه‌مى دێنێت بۆچى به‌كاردێت؟ ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانين، ده‌فه‌رمێ : (أرايت الذي ينهى * عبداإذا صلى) (العلق9-10).

(صلى)، (إقامة) نییه‌
 وشه‌ى (صلى) يه‌كه‌م جاره‌ لێره‌ دێت، به‌ڵام باسى (إقامة) ه‌ى نه‌كردووه‌، له‌ قورئان له‌ پێنج جێگه‌ باسى (إقامة) ده‌كات، ئه‌وانه‌ى ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر حه‌ديث نه‌ما ئێمه‌ له‌ كوێ بزانين رب العالمين كه‌ (5) نوێژى له‌سه‌ر ئێمه‌ فه‌رز كردييه‌؟ ده‌چينه‌ خزمه‌ت قورئان، قورئان پێمان راده‌گه‌يه‌نێت، له‌ قورئان له‌ پێنج جێگه‌ پێمان ده‌ڵێت: (أقم الصلاة) ئه‌و نوێژه‌ى جوله‌ى تێدايه‌، وشه‌كانى دى (صلاة) مه‌به‌ستى ئا ئه‌و نوێژه‌ نييه‌، هه‌ر له‌ قورئان له‌ (34) جێگه‌ باسى سجود ده‌كات، كه‌واته‌ (34) سوژده‌مان له‌سه‌ره‌، هه‌ر ده‌توانين له‌ قورئان ژماره‌ى ره‌كه‌عاته‌كانى به‌يا‌نى و نيوه‌ڕۆ و عه‌سر و مه‌غريب و عيشا ده‌ربێنيت، كه‌واته‌ پێغه‌مبه‌رمان (عليه‌ السلام والبركات) هيچ شتێكى له‌ گيرفانى خۆى ده‌رنه‌هێناوه‌. ته‌نانه‌ت ژماره‌ى ره‌كعاته‌كان له‌ قورئان ده‌ربينى، ئه‌گه‌ر هاتوو به‌ هه‌ر هۆكارێك په‌رتووكى فه‌رمووده‌مان نه‌ما ئه‌وكات چى ده‌كه‌ين ئێمه‌؟ ده‌بێ ئێمه‌ سه‌رچاوه‌مان هه‌بى بۆ ئه‌سلى فه‌رمووده‌ ئێمه‌ پشتى پێ ببه‌ستين، ئه‌ويش قورئانه‌.
كه‌واته‌ ئه‌و (صلى)يه‌ى‌ پێشوو باسمان كرد جيايه‌ له‌گه‌ڵ (إقامة)، ئه‌ى ئه‌و (صلاة)ه‌ چیيه‌؟ به‌ راى من‌ واته (إتصال) په‌‌يوه‌ندى كردن‌، هه‌روه‌ها ماناى دى هه‌يه‌ له‌ قورئان، به‌ڵام لێره‌دا به‌ په‌يوه‌نديكردن هاتووه‌.
ئێمه‌ به‌نده‌يه‌كمان هه‌يه‌ له‌ په‌يوه‌ندى دايه‌، لايه‌نێك دێت ئه‌و به‌نده‌يه‌ى نه‌هى ده‌كات له‌ (صلاة)، لايه‌نه‌كه‌ش ديار نييه‌، ئه‌و لايه‌نه‌ ده‌بێت له‌سه‌ر ناخ و ناوه‌وه‌ى ئه‌و به‌نده‌يه‌ ئيش بكات، چونكه‌ ماناى نه‌هى له‌ ژووره‌وه‌يه‌، كاتێك توانى ئيش بكات واته‌ ئه‌و به‌نده‌يه‌ى راگرت، له‌وانه‌يه‌ به‌شێك له‌ ماناى به‌ندايه‌تى(عبودية) بزر يان له‌ ده‌ست ده‌درێت، ئه‌گه‌ر لايه‌نه‌ نادياره‌كه‌ توانى نه‌هى بكات له‌ (صلاة) يان به‌شێك له‌ (صلاة)ه‌كه‌ى، ئه‌وه‌ ماناى وايه‌ كه‌ ئيشى پێكراوه‌ له‌سه‌ر ناوه‌وه‌ى ئينسانه‌كه‌ى.
جياوازى (نهي) و (منع)
(منع) ئه‌گه‌ر‌ كه‌سێك بێنين ده‌ست و پێيه‌كانى كه‌له‌پچه‌ بكه‌ين و به‌وه‌ قه‌ده‌غه‌ى لێ بكه‌ين كه‌ ده‌ستى نه‌گا به‌ جگه‌ره‌كه‌ى، ئه‌و جگه‌ره‌يه‌ى حه‌زى لێيه‌تى كه‌ بيكێشێت، جگه‌ره‌كێشه‌ و زۆر حه‌زى لێيه‌تى! به‌ڵام ئايا ده‌توانين ناخ و ژووره‌وه‌ى كه‌سه‌كه‌ كه‌له‌پچه‌ بكه‌ين حه‌زى نه‌چێته‌ جگه‌ره‌كه‌ى؟ نه‌خێر. كه‌واته‌ ناوه‌وه‌ى كه‌سه‌كان به‌ ده‌ستى خۆيانه‌، كه‌سه‌كه‌ ناخى خۆى باڵا ده‌سته‌ له‌سه‌ر خۆيدا، له‌وانه‌يه‌ ده‌ست و پێيه‌كانى كه‌له‌پچه ‌كرابێ، به‌ڵام له‌ ژورێى هه‌ر جگه‌ره‌ بكێشێ، به‌رده‌وام چێژ وه‌ربگرێت له‌ تام و بۆنى جگه‌ره‌كه‌، له‌به‌رچى؟ چونكه‌ فايله‌كان له‌ مێشكیدا هه‌يه‌، دوكه‌ڵ و بۆن و تامه‌كه‌ى و ره‌نگ و شێوه‌كه‌ى هه‌يه‌، هه‌رده‌م ده‌توانێت هه‌سته‌كانى نوێ بكاته‌وه‌، فايله‌كان نوێ بكاته‌وه‌ هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ى له‌و ساته‌دا جگه‌ره‌ ده‌كێشێت، باشه‌ چاره‌ بۆ ئه‌مه‌ چييه‌، ده‌بێ ئامێرێك هه‌بێ كاريگه‌ریى له‌م ناخه‌ى بكات، هه‌رچى فايلاتى ناو مێشكييه‌تى له‌ بابه‌تى جگه‌ره‌كێشانه‌كه‌ى ده‌ريبێنێ، ئه‌م كاره‌ كێ ده‌يكات؟ نوهايه‌كه‌(نهى) له‌ نوهاوه‌ جوله‌ى له‌سه‌ر ‌ده‌كرێت، بۆيه‌ پێغه‌مبه‌رمان (دروود و فه‌ڕ بڕژێ به‌سه‌ريا) هیچ كاتێك به‌ هيچ كه‌سى نه‌گوت ئاره‌ق مه‌خۆ! درۆى مه‌كه‌! هيچ فه‌رمووده‌ى له‌م جۆره‌مان نييه‌، له‌به‌رچى؟ چونكه‌ ئه‌گه‌ر واشى پێ گوت كه‌سه‌كه‌ روكه‌شيى ئاره‌ق ناخوات، به‌ڵام له‌ ژووره‌وه‌ى ناخى ئاره‌ق ده‌خوات! بۆيه‌ ئێمه‌ دووباره‌ى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ گۆڕان له‌ ناخه‌، له‌ ده‌ره‌وه‌ نييه‌، صه‌نه‌مه‌كان له‌ ناوه‌وه‌ن، بت له‌ ناوه‌وه‌ى مرۆڤه‌، دێت له‌ ده‌ره‌وه‌ وێنه‌ى بۆ ده‌كێشێت، ئه‌گه‌ر بهتايا پێغه‌مبه‌رمان (دروود و فه‌ڕ بڕژێ به‌سه‌ريا) ئه‌گه‌ر له‌ ناخيان بته‌كانى نه‌شكاندبا ئه‌وا له‌ ده‌ره‌وه‌ بته‌كانيان بۆ نه‌ده‌شكا، چونكه‌ ئه‌وه‌ى بته‌كانيان له‌ ناوه‌وه‌ نه‌شكابوو چوون بتى جوانتريان له‌ شوێنى دى دروست كرده‌وه‌. ئيشى پێغه‌مبه‌رمان چى بوو؟ بريتى بوو له‌ شكاندنى بته‌كان له‌ ناخ و ناوه‌وه‌ى ئينسانه‌كان، واته‌ ماناى نوها له‌ ناوه‌وه‌ى مرۆڤه‌كانه‌، بۆیه‌‌ هه‌ر كاتێك مرۆڤه‌كه‌ حه‌زى چووه‌ شته‌كه‌ هێشتا نه‌بۆته‌ (نهى)، ئه‌مه‌ رێسايه‌.

رێنيشاندان
له‌ شارى هه‌ولێر ئێستا زۆرجار كار له‌سه‌ر ئاوه‌دانى ده‌كرێت، شه‌قامه‌كان وا پێويست ده‌كات له‌به‌رئه‌وه‌ى كارێكى زۆرى تێدايه‌ و به‌ ناچارى داده‌خرێت و شه‌قامى لاوه‌كى ده‌كرێته‌وه‌ يان لادانى كاتى دروست ده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ى پياده‌و‌ شوفێران له‌ باره‌كه‌ حاڵى بن و دووربن له‌ رووداو، ده‌زگاكانى شاره‌وانى و هاتووچۆ هه‌ڵده‌ستن به‌ دانانى هێماى پێويست بۆ ئاگاداركردنه‌وه‌ى خه‌ڵكى و بۆ به‌ر‌چاو روونييان، كه‌ بريتين له‌ چه‌ندين نيشانه‌ بۆ رێكخستنى هاتووچۆ، ئه‌م نيشانانه رێنيشاندانه‌، ته‌نانه‌ت كه‌سه‌كه‌ خوێنده‌وار بێت يان نه‌خوێنده‌وار له‌ نيشانه‌كه‌ تێده‌گات‌، ئه‌و كاره‌ى نيشانه‌كه‌ ئه‌نجامى دا بريتييه‌ له‌ رێنيشاندان(هداية)، نيشانه‌كان يان هێماكانيش له‌ هه‌موو زمانه‌كان يه‌كن، ئه‌مه‌ بريتييه‌ له‌ زمانى ئيشاره‌ت، ئه‌مانه‌ هه‌مووى پێي ده‌گوترێت نيشانه‌ (علامة)، له‌ قورئان پێيده‌گوترێت (أسباب الهداية)، ئه‌وه‌ هه‌مووى رێتنيشان ده‌دات.

بۆ به‌هه‌شت دروستکراوین
(إن كان على الهدى) (العلق11) يه‌ك كۆمه‌ڵه‌ نيشانه‌(علامات) بۆ خه‌ڵكى پارێزكار(أهل التقوى) دانراوه‌، ژماره‌يه‌ك له‌ نيشانه‌ دانراوه‌ به‌م جۆره‌ بڕۆ به‌و جۆره‌ مه‌ڕۆ، ئه‌وه‌ هه‌موو پێيده‌گوترێت (هدى)، باسى هيدايه‌تيشى نه‌كردووه‌، ئه‌و نيشانانه‌ واته‌ ئه‌نجامى شته‌كه‌ى دروست نه‌بووه‌، (أرأيت إن كان على الهدى) واته‌ ئه‌وه‌ له‌سه‌ر عه‌لامه‌ته‌كان هێواش هێواش ده‌ڕوات، به‌ڵام نه‌گه‌يشتيته‌ هيدايه‌ت، (أو أمر بالتقوى) ئه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ى (نهى) يه‌، له‌به‌رچى ئامێرێك نييه‌ بۆ فه‌رمان(أمر)؟ چونكه‌ ئێمه‌ فيت بۆ (أمر) خه‌لق كراوين، ئێمه‌ كه‌ له‌ناو به‌هه‌شت دانراين، ئێمه‌ هى ‌به‌هه‌شتين، ئۆتۆماتيكى ئه‌وه‌ وه‌رده‌گرين، (لاتقربا هذه‌ الشجرة) ئه‌وه‌ لاوه‌كييه‌، له‌به‌رامبه‌ريدا چه‌ندين شتى دى ده‌داتێ: (كلا منها رغدا حيث شئتما).. يه‌ك جار ده‌فه‌رمێ: (لاتقربا) نزيك نه‌كه‌ونه‌وه‌ كه‌واته‌ بنچينه‌ى هه‌بوونى ئێمه‌ هه‌مووى ئه‌رێنييه‌كانه‌، بۆيه‌ نه‌يكه‌ى (لاتفعل) له‌ ئايينى ئێمه‌ زۆر كه‌مه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئامێرى بۆ دروست كردووه‌، كه‌واته‌ ئه‌و‌ هۆكارانه‌ى رێنيشاندان (أسباب الهداية) ئینسان به‌ره‌و‌ هيدايه‌ت ده‌بات، هۆكاره‌كانى رێنيشاندان چى بوون له‌سه‌ر زه‌وى؟ نيشانه‌كانى هاتووچۆبوون، بۆ ئه‌وه‌ى به‌ ئوتۆمبێله‌كه‌ى نه‌كه‌وێته‌ نێو چاڵه‌كه‌ى.
پرسيارێك سه‌رهه‌ڵده‌دات، هۆكاره‌كانى رێنيشاندان چينه‌ له‌سه‌ر گۆى زه‌وى؟ بريتين له‌ ئايه‌ته‌كانى خواى خه‌لقكراو (آيات الله‌ المخلوقة)، بۆيه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و ئايه‌تانه‌ى خواى مه‌خلوقه‌ بوو به‌ هۆكارى رێنيشاندانى و ئيشى له‌سه‌ر كرد، واته‌ ئه‌و كه‌سه‌ بووه‌ته‌ خاوه‌ن پارێزكارى(تقوى).

ته‌قوا
فيتڕه‌ى هه‌موو مرۆڤايه‌تى له‌سه‌ر ته‌قوا بنيادنراوه‌، بۆيه‌ پێويستمان به‌ ئامێرێك نييه‌ ته‌قوا به‌رهه‌مبێنێت، چونكه‌ خۆى هه‌يه‌، به‌ڵام لێره‌ به‌يادمان دێنێته‌وه‌، به‌م شێوه‌ بكه‌ به‌و شێوه‌ مه‌كه‌، ئه‌وه‌ فه‌رمان(أمر) ه‌كه‌يه‌، ته‌قوايه‌كه‌ چييه‌؟ بريتييه‌ له‌ پابه‌ندبوون به‌و فه‌رمانه‌، پابه‌ندبوون به‌ (أمر) الله‌ و ئيشكردن له‌گه‌ڵى شتێك له‌ناو ناخى مرۆڤ دروست ده‌كات پێيده‌گوترێت پارێزكارى(تقوى)، پێناسه‌ی‌ مامه‌ڵه‌كردنى ئينسان به‌گوێره‌ى ويستى خواى.. پێيده‌گوترێت پارێزكارى ته‌قوا، تێڕوانينى ئينسان له‌بۆ مه‌خلوقات به‌گوێره‌ى ويستى خوا پێيده‌گوترێت ته‌قوا، ئه‌و ته‌قوايه‌ش دووباره‌و چه‌ندباره‌ بكرێت ئيمان به‌رهه‌م دێنێت، به‌ دووباره‌و چه‌ندباره‌ى ئيمان كرده‌وه‌ى چاك (عمل صالح) به‌رهه‌م دێنێت، ئه‌وانه‌ هه‌مووى په‌يوه‌سته‌ به‌يه‌ك، وه‌ك هاوكێشه‌كه‌.

لادان
لێره‌دا بابه‌ته‌كه‌ ده‌پچڕێنرێت (أرأيت إن كذب و تولى) (العلق13) باشه‌ چى به‌ درۆ دانا؟ وشه‌ى (كذب) به‌ قه‌ڵه‌وى(مشدد) هاتووه‌، (كذب) چى به‌رهه‌م دێنێ؟ دووركه‌وته‌وه لايدا‌(تولى)، چاره‌ى ئه‌مانه‌ چييه‌؟
(صلى)ى نه‌كردو ته‌قواى نه‌كرد، (كذب)ه‌ى كرد (تولى) بوو؟ ده‌فه‌رموێت: (الم يعلم بأن الله‌ يرى) (العلق 14) ئه‌وكاته‌ چى ده‌كات؟ خوا ده‌يبينێ!
باشه‌ له‌به‌رچى فه‌رمويتى: (كذب) ئه‌نجامه‌كه‌ى ده‌بێته‌ لايدا(تولى)؟
ئينسان هيچ كاتێك ناتوانێت له‌ ئاياتى خواى ده‌ربچێت، ته‌نيا ده‌بێت به‌ ده‌ستى نيازهه‌بوون(عمد) به‌درۆى دانێت (تكذيب) له‌به‌رچى؟ چونكه‌ خۆى مه‌خلوقه‌، خۆى ئايه‌تێكه‌، بۆيه‌ ده‌فه‌رموێت: (سنريهم آياتنا في الأفاق و في أنفسهم حتى يتبين لهم أنه‌ الحق) (فصلت53)، ئینسان هيچ ده‌رفه‌تى نييه‌ بتوانێت به‌درۆى دانێت(تكذيب) بكات ته‌نيا ئه‌گه‌ر به‌نيازه‌وه‌(عمداً) پێشوه‌خته‌، ده‌بێ له‌سه‌ر ناخى خۆى زۆر ئيش بكات، تاكو (تكذيب) به‌ ئاياتى خواى بكا، زه‌حمه‌تترين كردار له‌ناو ناخى مرۆڤه‌، كه‌ ده‌بى وزه‌يه‌كى زۆر خه‌رج بكات، هه‌تا بتوانێت ئه‌و درۆيه‌ى بكات و بڵێت ئه‌و ئايه‌تانه‌ هيچى هى خواى نييه‌، بۆيه‌ كه‌ (تكذيب)ه‌كه‌ى بۆ كرا يه‌كسه‌ر لادان (تولى) يه‌كه‌ دروست ده‌بێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئايه‌ته‌كانيشى به‌درۆ دانا(الم يعلم بان الله‌ يرى) ئه‌وه‌ چاره‌يتى. جارێ نايه‌وێت توڵه‌ى لێ بسه‌نێت، يادى ده‌خاته‌وه‌ كه‌ خوا ده‌یبينێت، دواتر ده‌فه‌رموێت: (كلا لئن لم ينته)، نافه‌رموێ (يمتنع)، (لنسفعا بالناصية)، له‌به‌رچى فه‌رمويتى: (بالناصية)؟ دياره‌ ئه‌و فايلاتانه‌ى دروست ده‌كرێت به‌ درۆ هه‌مووى له‌و شوێنه‌ هه‌يه‌.

*           *            *

ماڵپەری فه‌رمى مامۆستا محمد رافع
Copyright 2011-2017 All Rights Reserved